ژیانی ئۆجەلان لە زیندان zhyany ojalan la zindan

وەسیەتی عەبدوڵا ئۆجەلان (لە وشە)وە
وشە/ كارزان گلی ــ ئیستەنبۆڵ-
لە دیمانەیەكی تایبەتدا، ئەندام پەرلەمان لەسەر لیستی پارتی كوردیHDP  لە توركیا (سری سوورەیا ئۆندەر) باسی لە وەسیەتی ئۆجەلان كرد دوای مردنی و هەروەها باسی لەو سەردانانە كرد كە لە ماوەی رابردوودا بۆ لای ئۆجەلان كردوویەتی.
ئۆندەر كە توانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا زیاتر لە 400 هەزار دەنگ لە ئیستەنبۆڵ بەدەست بهێنێت و یەكێكیشە لەو كەسایەتییانەی ئۆجەلان زۆر متمانەی پێی هەیە، بەردەوام پاڵێوراوە بۆ ئەوەی سەردانی ئۆجەلان بكات لە ئیمیراڵی.
لە دیمانەیەكی دوو سەعاتیدا بۆ كەناڵی CNNی توركی ئۆندەر باسی لە گۆڕێنی شوێنی ئۆجەلان كرد لە ئیمیراڵییەوە بۆ شوێنێكی تر. ئەو لەوبارەیەوە گوتی: "ئۆجەلان لە ئێستەدا پێویستی بەگۆڕینی شوێن نییە و پێویستە ئازاد بكرێت. منیش بیستوومە كە دەیانەوێ شوێنی بگۆڕن، بەڵام بڕیارەكە جارێ جێبەجێ نەكراوە و جێبەجێیش ناكرێت. ئۆجەلان لە ژوورێكی 15 مەتریدا گیراوە و لە دەرەوەی ئەو ژوورە مێزێكیان بۆ داناوە، ئەوكاتەی پارێزەر و ئێمە سەردانی دەكەین لەسەر ئەو مێزە گفتوگۆ دەكەین. ئەو وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی شەوان زوو دەخەوێت و بەیانییان سەعات 6 لەخەو هەڵدەستێت و بەرۆژیش خەرێكی خوێندنەوە و نووسینە. زۆرجاریش بەشەوان بەر نووستن سەیری هەندێك پرۆگرامی سیاسی دەكات ئەوانەی تایبەتن بەناوچەكە و كێشەی كوردەوە".
ئەو باسی لەوەیش كرد كە لە ئێستەدا ئۆجەلان تاكە سەرۆكە دەیەوێ بەشێوەیەكی ئاشتییانە كێشەی كورد لە توركیا چارەسەر بكرێت، بەڵام بەداخەوە سەركردەكانی تری توركیا وەك ئەو بیر ناكەنەوە و هەمیشە دەیانەوێ كێشە بخەنە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە.
لەبارەی ئەوەی مەبەستی ئۆجەلان چی بوو لەوەی گوتبووی ئەگەر كۆبانێ بڕووخێت توركیایش دەكەوێت و رەنگە دووچاری كودەتا ببێتەوە؟ (ئۆندەر) گوتی: "دەمەوێ بڵێم كە كۆبانێ یەكێكە لە گەڕەكەكانی سوروج كە سەر بەتوركیایە، مەبەستمە بڵێم ئەو شارۆچكەیە ئەوەندە لە توركیاوە نزیكە، دەكرێت بەگەڕەكێكی ناوچەی سوروجی سەر بەتوركیای دابنێین. پاشان بۆچی حكوومەتی توركیا پێشتر ئاماژەیان دا كە كێشەی سووریا كێشەی ناوەخۆیی توركیایە و ئێستەیش بۆ كۆبانێ وانییە و ناڵێن كۆبانێیش كێشەی ناوەخۆیی توركیایە، خۆ كۆبانێیش سەر بە سووریایە و بۆچی ئێستە ئەو شارۆچكەیە جیا كراوەتەوە. مەبەستی ئۆجەلان روونە كە كەوتنی كۆبانێ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بۆ دواوە دەبات و پاشان قۆناغی چارەسەریش سست دەبێت. بۆیە مەبەستی ئۆجەلان روونە كە بەرووخانی كۆبانێ، توركیا دووچاری كودەتا دەبێتەوە".
ئەو لە بەشێكی تری قسەكانیدا بەروونی باسی لەوە كرد، كە پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و YPG یەك نین و ناكرێت وەكو یەك حزب لێیان بڕوانیت، چونكە ئەوان دوو حزبی جیاوازن، بەڵام دەكرێت بڵێی برای یەكترن، چونكە هەردوو پارت كوردن.
بەگوێرەی ئەو قسانەی ئۆندەر كردی، لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا دوو سكرتێر بۆ ئۆجەلان دادەمەزرێت و لە رێگەی ئەو سكرتێرانەوە هەموو شتێكی ئۆجەلان بەروونی باس دەكرێت. ئەوەیش لە ئەنجامی ئەوەوە هات كە ناكرێت سەرۆكێكی وەك ئۆجەلان ئەگەر بیەوێ پەیامێك بڵاو بكاتەوە بەزەحمەت بگات بەخەڵك و پارێزەرەكانی، دەكرێت ئەو سكرتێرانە هەفتەی 3 جار ئۆجەلان ببینن و لە نزیكەوە كاروبارەكانی ئەو بەڕێوە ببەن، ئەمەیش هەنگاوێكی گرنگ و باشە.
ئەو باسی لەوە كرد، كە زۆرجار ئۆجەلان لە ئیمیراڵی پێی گوتووە ئەگەر مردم، لەسەر گڵكۆی مەزارەكەم بنووسن (مەیەڵن هیچ لایەنێك هەڵتانبخەڵەتێنێ و ئێوەیش كەس مەخەڵەتێنن).

0 comments :

Post a Comment